هۆنراوه نووس [ شاعیر ] گۆران
ناوی ته‌واوی (عه‌بدوڵلای كوڕی سلێمان به‌گی عه‌بدوڵڵا به‌گه) له ساڵی ١٩٠٤ له هه‌ڵه‌بجه له‌دایك بووه و بنه‌ماڵه‌ی باپیرانی له به‌گرزاده‌كانی میران به‌گ بوون له ناوچه‌ی مه‌ریوان و عینایه‌توڵڵا به‌گی كوڕی ئه‌مانوڵڵا به‌گیان به خۆی و خێزانیه‌وه دێنه سلێمانی له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ تـــا ماوه‌یه‌ك نیشته‌جێ ده‌بن, زۆری پێ ناچێت كۆچی دوایی ئه‌كات و عه‌بدوڵڵا به‌گی كوڕی كه ده‌كاته باپیری گۆران له‌گه‌ڵ هه‌موو خێزانه‌كه‌ی كه پێكهاتوون له برایه‌كی بچووكی و دایكی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵه‌كانی ڕوو ئه‌كه‌نه هه‌ڵه‌بجه, چونكه خۆیان به جــاف زانیوه و له‌وێ جێگیر ده‌بن. له‌و سه‌فه‌ردا دایكی عه‌بدوڵڵا به‌گ و براكه‌ی به نه‌خۆشی سێبه‌ڕۆ ده‌مرن, و ئه‌مێننه‌وه عه‌بدوڵڵا و مناڵه‌كانی كه ئه‌مانه بوون : موسته‌فا به‌گ ـ نووری به‌گ ـ نه‌فێ خان ـ سلێمان به‌گ ـ حه‌بیبه‌خان , كه نه‌فێ خان هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ مه‌جید به‌گی
عوسمان پاشادا ده‌كات, و حه‌بیبه خان‌یش هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له شێخانی خانه‌گای لاوی پــاوه ده‌كات.موسته‌فا به‌گ و نووری به‌گیش هیچ نه‌وه‌یه‌كیان له‌دوا به جێ نامێنێت, به‌ڵام سلێمان به‌گ ئه‌م نه‌وانه‌ی له دوا به‌جێ ده‌مێنێت : عه‌لی ـ شه‌مسه ـ محه‌مه‌د ـ عه‌بدوڵڵا, كه عه‌لی و شه‌مسه هه‌ر به لاوی مردوون. محه‌مه‌دیش به (حه‌مه به‌گه ڕووشه) به‌ناو بانگ بووه و پاش مردنی باوكی به دووساڵ ئه‌میش ئه‌كوژرێت. به‌م شێوه‌یه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه هه‌ر عبدالله به‌گیان له دوا به‌جێ ده‌مێنێت كه به ناوی گۆران له دوارۆژدا ناسرا.
-
گۆران لای باوكی قورئان و سه‌ره‌تایی خوێندووه. پاشانیش له مزگه‌وتی پاشا له هه‌ڵه‌بجه بووه به فه‌قێ و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كیش به فه‌قێ عبدالله ناسراوه .
له دوا ساڵه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و سه‌ره‌تای هاتنی ئینگلیزدا, بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌بجه چول ئه‌بێت و خه‌ڵك ڕوو ئه‌كه‌نه لادێكانی ده‌وروپشت. ماڵی باوكی گۆرانیش له به‌هاری ١٩١٩ وه تـــا پاییزی ئه‌و ساڵه ڕوو ئه‌كه‌نه چه‌می بیاره و له‌وێ له باخێكدا هه‌وار ئه‌خه‌ن و بۆ پاییز ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
-
گۆران بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی ١٩٢٥دا به مامۆستایی له قوتابخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه دامه‌زراوه و تــــا ساڵی ١٩٣٧ له قوتابخانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه. پاشان گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌شغال ـ به‌شی كاروباری ڕێگاو بان ,بێجگه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆشنبیرێكی تری كورددا ئه‌چێت بۆ یــافا و له ئیسگه‌ی رادیۆی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك به مه‌به‌ستی به‌شداری له خه‌باتدا له دژی فاشیزم به‌شی كوردستان ئه‌كه‌نه‌وه. هه‌ر له ئه‌شغالدا ئه‌مێنێته‌وه.
-
له تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٥٢دا له به‌ندیخانه‌ی یه‌كه‌می دێته ده‌ره‌وه و ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی و ئبێت به به‌رپرسی ڕۆژنامه‌ی ((ژیــــن)) . تـــــا ئه‌یلوولی ساڵی ١٩٥٤ له‌سه‌ر ئه‌م كاره ئه‌مێنێته‌وه, لــه ١٧-١-١٩٥٤دا بۆ جاری دووه‌م له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئاشتیخوازانی سلێمانی ئه‌گیرێ و حوكمی ساڵێك به‌ندكردن و ساڵێك ستنه ژێر چاودێری به‌سه‌ردا ده‌درێت. ماوه‌ی ئه‌و به‌ند كردنه‌ی به به‌ندیخانه‌كانی (سلێمانی ـ كه‌ركووك ـ كووت ـ به‌عقوبه ـ نوگره سه‌لمان) به‌سه‌ر ده‌با ت وماوه‌ی چاودێریه‌كه‌شی له به‌دره به‌سه‌ر ده‌بات. له ١٢-٩-١٩٥٦ حوكمه‌كانی ته‌واو ئه‌بێت و به‌ر ئه‌بێت ه ئه‌چێته به‌غداد چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ له یه‌كێك له پرۆژه حكومیه‌كان ئه‌بێت به چاوه‌ش عه‌مه‌له.زۆر نابات له هێرشی میرییدا بۆ سه‌ر نیشتمانپه‌روه‌ران و ده‌ستدرێژیه سێ قۆڵیه‌كه‌ی میسره‌وه ده‌گیرێته‌وه و له ١٧-١١-١٩٥٦دا دادگای عورفی له كه‌ركووك حوكمی سێ ساڵ زیندانی یـــا هه‌زار دیناری نه‌خت كه تــا سێ ساڵ هیچ كرده‌وه و گوفتارێك نه‌دات كه میریی دڵگران بێت پێی, بارمته‌ی به‌سه‌ردا ده‌دات, گۆران نه‌هه‌زار دیناره‌كه‌ی ئه‌بێ و نه‌ئه‌یه‌وێت په‌یمانی وا به میریی بدات.بۆیه ئه‌خرێته به‌ندیخانه‌وه و تـــــا ١-٥-١٩٥٨ پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ١٤/ ته‌ممووز تیــا ئه‌هێڵرێته‌وه. پاش به‌ربوونی له به‌ندیخانه‌كانی كه‌ركووك و به‌عقوبه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری سلێمانی و پاش ئه‌وه به ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی میللی سه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و چینی میللی و كۆریای دیموكرات ئه‌دات.
-
له سه‌رتای ساڵی ١٩٥٩دا سه‌رپه‌رشتی گۆڤاری شه‌فه‌ق ده‌گرێته ئه‌ستۆ و به ناوی (به‌یان) ده‌ری ده‌كات و له گه‌ڕه‌كی ئیسكانی شاری سلێمانی دا ئه‌مه‌زرێ و تــــا ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٦٠ كاری تێدا ده‌كات و پاشان به بیانووی ئه‌وه‌ی به بێ پرس كاری به‌جێ هێشتووه و چووه بۆ شه‌قڵاوه بۆ به‌شداری كردن له كۆنگره‌ی دووه‌می مامۆستایانی كورددا , له كار لای ده‌به‌ن. له ناوه‌ڕاستی ساڵ ١٩٦٠ ده‌چێته به‌غداد و ئه‌بێت بۆ موحاچر له به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا و به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی (ئــــازادی) .
له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٢ ئازاری ناوسك زۆری بۆ ئه‌هێنێ و بێ ئارامی ئه‌كات كه دواتر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه گـــه‌ده‌ی تووشی نه‌خۆشی ((شـــێر په‌نجه)) بووه و نه‌شته‌رگریه‌كی سه‌ركه‌وتووی بۆ ده‌كرێت له به‌غدا, به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م نه‌شته‌ركه‌ریه زۆر دره‌نگ بوو بێ سوود بوو, دواتر له مانگی میســاندا بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌چێته مۆسكۆ و له‌وێ سێ مانگ له نه‌خۆشخانه‌ی (كرێملین) و سه‌نه‌تۆری (به‌رڤیخه) به‌سه‌ر ئه‌بات و پاشان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌ر له نوێ نه‌خۆشیه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ڵئه‌داته‌وه و ته‌نگی پێ هه‌ڵئه‌چنێ , له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی له‌وێ له جێگه‌دا ئه‌مێنێته‌وه . له كاتژمێر نۆ و نیوی سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٨-١-١٩٦٢ ماڵئاوای له ژیان ئه‌كات
Leave a Reply