ئه‌و زامه‌ی هه‌رگیز ساڕ‌ێژ نابێت
ئه‌وتاوانه‌ی لێ خۆشبوونی نی یه
رۆژ ١٦ ی ئاداره و ساڵی (١٩٨٨) ه و له باخچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه سه‌وزه گیا هه‌ستاوه و گوڵاڵه سوره‌ی به‌هار و نێرگز مژده‌ی هاتنی وه‌رزی به‌هاری ڕه‌نگاوڕه‌نگیان پێیه دایك سه‌ر له‌به‌یانی مناڵ و كاسبكاری به‌ڕێكرد تـــا هه‌ریه‌ك به‌ره‌و كاری خۆی بڕوات مناڵ به‌ره‌و ده‌رگاكانی قوتابخانه و خوێندن بڕوات و كاسبكاریش به‌ره‌و جێی كاری خۆی بڕوات بۆ په‌یدا كردنی بژێوی ژیان و كابانی ماڵیش ده‌ستی كرد به ماڵ پاككردنه‌وه و یه‌كێك به نان كردن تــــــا كات نزیك بووه‌وه له ئاماده‌كردنی نانی نیوه‌ڕۆ…….. كات تێپه‌ڕی به‌ڵام ئــــاه
ئه‌و ته‌یارانه له كوێوه هاتن ؟ بۆچی هاتن؟ ئه‌و ته‌پ و تۆزه چی بوو له‌پڕ باری ئه‌و بۆردومانه بۆ چی بوو؟؟ له‌سه‌رچی بوو؟؟
هێنده‌ی نه‌برد له كاتی به‌یانی و هێشتا نیوه‌ڕۆ نه‌هاتبوو كه بۆردومان و ناڵه‌ی تۆپ و ته‌یاره ئارمیان له‌م شارۆچكه جوانه بڕی , ماڵ و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و بازار خاپوور كرا, منداڵ و پیر و لاو و نه‌خۆش و ته‌ندروست هه‌موو شڵه‌ژان دایك به دوای جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی رابكات یان فریای مناڵی بێشكه‌ی بكه‌وێت یان پیری سه‌ر جێگه‌كه‌ی تاو بدات و هه‌ڵبگرێ؟، جوتیار یه‌كه‌مجار بۆ كوێ ڕابكات مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌ی یان ماڵ و خێزانه‌كه‌ی؟ فریای بریندار بكه‌وین یان ساغه‌كان رزگار بكه‌ین؟ له كام لاوه ده‌ست پێ بكه‌م؟؟ بۆ هه‌ر لا ئه‌چم و ڕوو له هه‌ر كوێ ئه‌كه‌م تۆفانی مه‌رگه و ڕووی لێره كردووه……………….
نه ڕۆڵه فریای دایك و باوك نه باب و دایك فریای ڕۆڵه‌كه‌ی كه‌وت هه‌موو پێكه‌وه ئه‌و فه‌رشی ده‌شت و ده‌ره بووه خوانی هه‌موویان كه له‌سه‌ری پێكه‌وه هه‌وای ژه‌هراویان نۆشكرد پێكه‌وه بۆ هه‌میشه چاویان له‌یه‌ك نا هه‌موویان پێكه‌وه مرۆڤه‌كان، باڵنده‌كان، مه‌ڕوماڵاته‌كان، گوڵ و گوڵزاره‌كان به‌یه‌كجار دوا هه‌ناسه‌یان له نه‌و به‌هاره‌دادا …… به‌ڵام بۆ؟؟ خۆ به‌هار بۆنی باران و نێرگز و گوڵه‌كانی هه‌یه , ئه‌م هه‌وا ژه‌هرینه له كوێوه هات؟؟
به‌ڵێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه وێنا كراوه نه چیرۆكه و نه سه‌رگوزشته و نه ڕۆمانه……..ئه‌وه راستیه، ئه‌وه سیمای ١٦-٣-١٩٨٨ كات ١١ ی پێش نیوه‌ڕۆیه …. ڕۆژی خنكاندن و كوشتنی هه‌ڵه‌بجه‌یه به نامرۆڤانه‌ترین و بێ ویژدانترین شێواز كه به ده‌ستی سه‌ددامی دكتاتۆر و حكومه‌تی به‌عسی رووخا‌و و، به بۆردوومان و چه‌كی كیمیایی دوا هه‌ناسه‌ی له‌و شارۆچكه جوانه بڕی و مه‌له‌كانی له خوێندن خست، گوڵه‌كانی له سه‌ما كرد، مناڵه‌كانی له یاری كردنی گۆڕه‌پانی قوتابخانه و كۆڵانه‌كان كرد, جوتیاری له كێڵانی باخ و بێستانه‌كان كرد, دایكی له لانه‌كی مناڵ و چێشتخانه خست, كـــێ هه‌یه ئه‌م چیرۆكه‌ی نه‌بیستبێت و تــــێر نه‌گریا بێت؟ ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌ی زامداره و ئه‌مڕۆ برینه‌كه‌ی سه‌ر له‌نوێ كولایه‌وه, هه‌موو وه‌رن باپێكه‌وه ساڕێژی بكه‌ین.
دڵی ئه‌و كه‌سانه بده‌ینه‌وه كه هیچ كه‌سێكیان له بنه‌ماڵه بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه و ته‌نیا ماون له ژیان با ببینه كه‌س وكار بۆیان، ئه‌وانه‌ی هۆشیان له ده‌ست داوه با هه‌وڵبده‌ین هۆشیان به خۆشی و به جوانیه‌كان پڕ بكه‌ینه‌وه تـــــا به هیچ جۆرێك ئه‌و ڕۆژه‌یان به‌بیر نه‌یه‌ته‌وه، بـــا دڵی ئه‌و كه‌سانه بده‌ینه‌وه كه كه‌مئه‌ندام بوون ، بــــا ئه‌و به‌شه‌یان له‌بیر به‌رینه‌وه و ببینه هه‌موو ژیانیان، بـــا ئه‌وانه بدۆزینه‌وه كه تا ئه‌مڕۆش له ژیاندا ماون و ناسنامه‌ی خۆیان به‌بیر نایه‌ته‌وه به خاكی خۆیانیان بناسێنینه‌وه به هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌مڕۆیان بناسێنینه‌وه. بــــــا نه‌هێڵین هیچ خاك و ئاو و بوونه‌وه‌رێك ئاكامیان وه‌ك ئاكامی هه‌ڵه‌بجه بێت. با ته‌نیا هه‌ڵه‌بجه زامدار بێت به‌و شێوه‌یه و بـــا پێكه‌وه زامی هه‌ڵه‌بجه ساڕ‌ێژ بكه‌ین.
هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی په‌پووله ئاسای شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه، پێیان ئه‌ڵێین ئارامبگرن چیدی ڕژێمێك نه‌ماوه به ناوی رژێمی به‌عس هه‌ڕه‌شه‌تان لێ بكات ، ڕۆحتان ڕانه‌چڵه‌كێت ئیتر سه‌ددامێك نیه هه‌ره‌شه له مناڵ و لاو و گه‌نج و پیر و جوانتان بكات، ئه‌مڕۆ كوردستان خۆی خاوه‌نی ماڵ و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆیه‌تی و ئێوه بوونه ناسنامه‌ی كوردان، ئێوه بوون هه‌ر چه‌ند زۆر به بێ ده‌نگی كوژران به‌ڵام هاوارتان گه‌یشته بۆشایی ئاسمان، ئێوه بوون خوێنی لاوانتان خرۆشان تـــا چیدی زه‌بر و زه‌ند قبوڵ نه‌كه‌ن. چیدی سه‌ر بۆ هیچ ڕژێم و دیكتاتۆرێك دانه‌نه‌وێنن. دووباره هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی ئارامگرتوویان.
Leave a Reply